ئەدەب ئاکاری موسڵمان لەگەڵ خزم و نزیکانیدا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-15-14:40:00 - کۆدی بابەت: 4517
ئەدەب ئاکاری موسڵمان لەگەڵ خزم و نزیکانیدا
ڕۆشنبیری ئیسلامی

موسڵمان لەگەڵ خزم و نزیکانیدا

کاتێک ئیسلام هات بایەخێکی زۆری بە خزمایەتی و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کەسوکاردا، هانی مسوڵمانانیدا، کە ئەم پەیوەندییە پەرە پێ بدەن و تۆکمەی بکەن، خوای گەورەش فەرمان بە موسڵمانان دەکات، کە خۆیان بپارێزن لە خۆدوورخستن و پچڕاندنی پەیوەندییەکانی نێوان خزم و کەسووکار، ئەوەتا خوای گەورە دەفەرموێ (واتقوا الله الذي تساءلون به والأرحام  إن الله كان عليكم رقيبا)، ئیبن کثیر لە ڕاڤەی ئەم ئایەتەدا دەفەرموێ: بە واتای خۆتان بپارێزن لە پچڕانی خزمایەتی و سەردانی نەکردنیان، بەڵکو دەبێ چاکەیان لەگەڵدا بکەن و ئەم (صلة)ـیە بە جێ بهێنن. قرطبی گوتویەتی: میلەت هاودەنگن لەسەر ئەوەی کە پەیوەندی خزمایەتی واجبە و پچڕانی حەرامە. ئەوەرا ئەسماء لە پێغەمبەری خوا پرسیار دەکات، کە ئایا سەردانی دایکی بکات و ئەم (صلة) بە جێ بهێنێ؟ پێغەمبەریش د.خ فەرمووی (نعم صلي أمک)، جا پێغەمبەر فەرمانی پێکرد کە سەردانی بکات، هەرچەندە دایکی ئافرەتێکی بێ باوەڕ (کافر)ـیشە. دیارە وشەی (الأرحام) کە لە قورئاندا هاتووە، ناوێکە بە بەکاردێت بۆ گشت خزم و کەسووکار و بە بێ جیاوازی نێوان مەحرام و نامەحرەم.

جۆرەکانی خزم و کەس و کار (صلة الرحم)

خزم دوو بەشی هەیە گشتی و تایبەتی

  • خزم بە گشتی: ئەوەیە کە لە لایان دینەوە یەکتری دەگرنەوە لە مافەکاندا کە پێویستە بە جێ بهێنرێت ئەویش بە خۆشەویستی و پشتگیریکردنیان و ئامۆژگاری کردنیان و زیان پێ نەگەیاندنیان و دادگەری کردن لە نێوانیاندا و بە تیمارکردنی نەخۆشییەکانیان و مافەکانی مردوو، وەکو شوشتنیان و نوێژ لەسەر کردنیان دێتەدی.
  • بەڵآم خزم بە تایبەتی: بریتییە لە خزمایەتی لەلایەنی دایک و باوکییەوە، کە پێویستە مافە تایبەتەکانیان بە زیادەوەش جێبەجێ بکرێ، وەکو نەفەقدان و سەردانی كردنیان بە مەبەستی لە ئەحواڵ پرسرینیان و فەرامۆش نەکردنیان لە هیچ مافێکدا. وەک لە مافە گشتییەکان جەختی لەسەر کراوە. دیارە 

دیارە چاکەکردن و سەردانی کردنی خزم، بە پلەی یەکەم دایک و باوک دەگرێتەوە، ئینجا خوشک و برا، ئینجا بە پێی نزیکتر لە یەکتری وەک لە فەرموودەی پێغەمبەردا هاتووە (حديث أبي هريرة قال: جاء رجل إلى رسول الله ﷺ فقال: يا رسول الله، من أحق الناس بحسن صحابتي؟ -يعني: صحبتي، قال: أمك قال: ثم من؟ قال: أمك، قال: ثم من؟ قال: أمك، قال: ثم من؟ قال: أبوك). لە چاکەکردن لەگەڵ خزم و کەسووکاردا ئەوەیە، گەر کەسێک ماڵ و سامانی هەبوو، ویستی صەدەقە و خێر بکات، پێویستە لە خزمەکانیەوە دەست پێ بکات، ئەوەتا کاتێک ئەبوطەلحەی ئەنصاری دەیەوێ زەوییەکەی لە پێناوی خوای گەورە ببەخشێ ئەویش دایخاتە بەردەستی پێغەمبەر، کە ئەو بیبەخشێتەوە، بەڵآم پێغەمبەر پێی دەفەرموێ (وإنی أری أن تعطها في الأقربین). واتە وادەبینم، کە لە نێو خزمەکانتدا ببەخشیەوە، ئەبو طەلحەش گوتی: وادەکەم ئەی پێغەمبەری خوا، جا  ئەبوطەلحە بەسەر خزمەکانی و کورە مامەکانی دابەش کرد. 

لە فەرموودەیەکی تردا هاتووە کە صەدەقە کردن بە خزم دوو جۆرە: صەدەقەیە و گەیاندنی صیلەی رەحمە، (قال رسول الله صلى الله عليه وآله: الصدقة على مسكين صدقة وهي على ذي رحم صدقة وصلة.). تەنانەت گەر خزم و کەس و کار هاموشۆیان نەدەکرد و چاکەیان نەبوو، خۆیان بە دوور دەخستەوە، پێویستە موسڵمانی مولتەزم صیلەی رەحمی خۆی بەجێ بهێنێ و پاداشتی خوایی و پشتگیری خوای گەورە و پلە بەرزی لە قیامەت لەدەست نەدات، (يا رسول الله، إن لي قرابة أصلهم ويقطعونني وأحلم عليهم ويجهلون علي وأحسن إليهم ويسيئون إلي قال: لئن كنت كما قلت لكأنما تسفهم المل ولا يزال معك من الله عليهم ظهير ما دمت على ذلك) هەروەها پاداشتی صەدەقە و خێر بە خزمێک کە دژایەتیت دەکات پاداشتەکەی لە خزمێکی تر باشترە وەک پێغەمبەری خوا دەفەرموێ (ان افضل الصدقة و الصدقـة علی ذی الرحم الکاشح). دیارە چاکەکردن لەگەڵ خزم و کەس و کارو سەردانی کردنیان دەبێتە مایەی بەرەکەت لە عومر و ماڵ و منداڵ و ڕزق و ڕۆزی، وەک لە فەرموودەکانی پێغەمبەردا هاتووە و فەرمان دەکات، ئەو کەسەی دەیەوێ حاڵی باش بێت  و لەش ساغ و ڕزق زۆر بێت کە ئەمە مانای بەرەکەت و زیادبوونی عومرە، با چاکە لەگەڵ خزم و کەس وکاری بکات و سەردانیان بکات، وەک دەفەرموێ (من أحب أن يمد الله له في عمره وأن يزداد في رزقه فليبر والديه وليصل رحمه). لە گێڕانەوەیەکی ئەبوو هورەیرە دەفەرموێ (من أحب أن يبسط له في رزقه، وأن ينسأ له في أثره, فليصل رحمه)، هەروەها خاتوو عائیشە دەفەرموێ پێغەمبەری خوا فەرموویەتی (صلة الرحم وحسن الجوار وحسن الخلق يعمران الديار ويزيدان في الأعمار). صیلەی ڕەحمیش، گەر تەنها بە سەلام کردنیش بێت بە جێ دەگەینرێ وەک پێغەمبەری خوا دەفەرموێ (صلوا أرحامکم ولو بالسلام). بەڵام ئەگەر موسڵمان صیلەی ڕەحم بە جێ نەهێنێ لەگەڵ خزم و کەس و کاری چآکەکار نەبێ و سەردانیان دەکات، ئەوا خوای گەورە بەهەشتی لێ حەرام دەکات و ناچێتە بەهەشتەوە، وەک پێغەمبەری خوا دەفەرمێ (لا یدخل الجنة قاطع). هەروەها دەفەرموێ (الرحم شجنة من الرحمن فمن قطعها حرم علیە الجنة) تەنانەت خوای گەورە کار وکردەوەی ئەو کەسانە قبوڵ نەکات، کە صیلەی ڕەحم بەجێ ناهێنن، هەروا بەخششی خۆی بەسەریاندا نابارێنی و بێ بەشیان دەکات. (إن أعمال بني آدم تعرض كل خميس ليلة الجمعة فلا يقبل عمل قاطع رحم) (إن الرحمة لا تنزل على قوم فيهم قاطع رحم).

تایبەتمەندییەكانی چاكەكردن لەگەڵ خزم

چاکەکردن لەگەڵ خزم و کەسووکار سەردانی کردنیان ١٠ تایبەتمەندی جوانی لێ دێتە دی:

١. ڕەزامەندی خوای لێ بەدەست دەهێنرێ، چونکە خوای گەورە فەرمانی بە صیلەی ڕەحم کردووە.

٢. خۆشی و شادی و دڵخۆشیی دەکەوێتە ناویانەوە، لە فەرموودەشدا هاتووە: (باشترین کردەوە، دڵخۆشکردنی بڕوادارە).

٣. فریشتەکان پێی دڵخۆش دەبن.

٤. لەلایەن موسڵمانانەوە ستایش دەکرێ،

٥. ئیبلیس خەفەتی پێ دەخوات.

٦. بەرەکەت دەکەوێتە ڕزق و ڕۆزیەوە.

٧. بەرەکەت دەکەێتە تەمەنییەوە.

٨. مردوەکانی پێی دڵخۆش دەبن. چوونکە باب و باپیران بە صیلەی ڕەحم دڵخۆش دەبن.

٩. خۆشەویستی پێ زیاد دەبێت.

١٠. دوای مردنی پاداشتی زیاد دەبێ چونکە کە باسی دەکەن بە چاکە دوعا خێری بۆ دەکەن.


سەرچاوەکان



643 بینین