تاوانی کوشتنی کەسێک لە ئیسلامدا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-27-00:26:00 - کۆدی بابەت: 4884
تاوانی کوشتنی کەسێک لە ئیسلامدا
حوکمە شەرعییەکان

تاوانی کوشتنی کەسێک

خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَمَنْ يَقْتُلْ مُؤْمِنًا مُتَعَمِّدًا فَجَزَاؤُهُ جَهَنَّمُ خَالِدًا فِيهَا وَغَضِبَ اللَّهُ عَلَيْهِ وَلَعَنَهُ وَأَعَدَّ لَهُ عَذَابًا عَظِيمًا) واتە: هەر کەسێک بە دەستی ئەنقەست ئیماندارێک بکوژێت، ئەوە تۆڵەی ئەو کەسە دۆزەخە، نەمرە تیایدا، هەروەها خوا لێی توڕە بووە و نەفرینی لێکردووە و سزایەکی گەورە و بێ سنووری بۆ ئامادە کردووە.

وە دەفەرمووێت: (وَالَّذِينَ لَا يَدْعُونَ مَعَ اللَّهِ إِلَٰهًا آخَرَ وَلَا يَقْتُلُونَ النَّفْسَ الَّتِي حَرَّمَ اللَّهُ إِلَّا بِالْحَقِّ وَلَا يَزْنُونَ ۚ وَمَن يَفْعَلْ ذَٰلِكَ يَلْقَ أَثَامًا) واتە: هەروەها ئەوانەی هیچ جۆرە پەرستراوێکی تر لەگەڵ خوادا ناپەرستن، کەسیش ناکوژن کە خوا کوشتنی حەرام کردبێت مەگەر بە حەق و ڕەوا، هەروەها زینا ناکەن و نزیکی ناکەون، جا ئەوەی ئەو جۆرە کارە خراپانە ئەنجام بدات ئەوە تووشی سزا و ئازار و ڕیسوایی دەبێت.

هەروەها دەفەرموێت: (مِنْ أَجْلِ ذَلِكَ كَتَبْنَا عَلَى بَنِي إِسْرَائِيلَ أَنَّهُ مَنْ قَتَلَ نَفْسًا بِغَيْرِ نَفْسٍ أَوْ فَسَادٍ فِي الْأَرْضِ فَكَأَنَّمَا قَتَلَ النَّاسَ جَمِيعًا) واتە: لەبەر ئەوەی کارەساتی کوشتنی ناڕەوای ئاوا ڕوو نەدات ئێمە پێویستمان کرد لەسەر نەوەی ئیسرائیل ئەوەی کەسێک بە ناهەق بکوژێت و لە جیاتی کوژراوێک نەبیت، یان گوناهـ و تاوانی گەورەی ئەنجام نەدابێت لە زەویدا وەکو ( جەردەیی و دەستدرێژی و ... هتد) ئەوە وەک ئەوە وایە هەر هەموو خەڵکی کوشتبێت.

هەروەها دەفەرموێت: (وَإِذَا الْمَوْءُودَةُ سُئِلَتْ * بِأَيِّ ذَنْبٍ قُتِلَتْ) واتە: کاتێک کچی زیندە بە چاڵکراو پرسیاری لێدەکرێت، بە چ گوناهێک، بە چ تۆمەتێک کوژرا؟!

پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: خۆتان لەو حەوت تاوانە بپارێزن، یەکێک لەوانە: کوشتنی کەسێکە کە خوای گەورە قەدەغەی کردووە ئیللا بە حەق و ڕاستی نەبێت.

پیاوێک بە پێغەبەری خوای ﷺ وت: چ تاوانێک لای خوای گەورە زۆر گەورەیە؟ ئەویش فەرمووی: (أن تجعل الله ندا وهو خلقك). واتە لەگەڵ خوادا شتێک بە هاوتا بکەیتەوە لە پەرستندا لەگەڵ ئەوەدا خوای گەورە دروستی کردووی. وتی: پاشان چی تر؟ فەرمووی: (وإن تقتل ولدك تخاف أن یطعم معك) منداڵەکەت بکوژیت لە ترسی ئەوەی نانت لەگەڵ بخوات. وتی پاشان چی تر؟ فەرمووی: (أن تزاني حلیلة جارك) زینا لەگەڵ دراوسێکەتدا بکەیت. خوای گەورە بۆ پشتڕاست کردنەوەی ئەم فەرموودەیە ئەم ئایەتەی دابەزاند: (وَالَّذِينَ لَا يَدْعُونَ مَعَ اللَّهِ إِلَٰهًا آخَرَ وَلَا يَقْتُلُونَ النَّفْسَ الَّتِي حَرَّمَ اللَّهُ إِلَّا بِالْحَقِّ وَلَا يَزْنُونَ ۚ وَمَن يَفْعَلْ ذَٰلِكَ يَلْقَ أَثَامًا) واتە: هەروەها ئەوانەی هیچ جۆرە پەرستراوێکی تر لەگەڵ خوادا ناپەرستن، کەسیش ناکوژن کە خوا کوشتنی حەرام کردبێت مەگەر بە حەق و ڕەوا، هەروەها زینا ناکەن و نزیکی ناکەون، جا ئەوەی ئەو جۆرە کارە خراپانە ئەنجام بدات ئەوە تووشی سزا و ئازار و ڕیسوایی دەبێت.

پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (إذا التقی المسلمان بسیفیهما فالقاتل والمقتول في النار، قیل: یا رسول الله هذا القاتل، فما بال المقتول؟ قال: إنه کان حریصا علی قتل صاحبه).

واتە: ئەگەر دوو موسوڵمان بە شمشێرەکەیان لەگەڵ یەکتر بەشەڕ هاتن ئەوە بکوژ و کوژراو بۆ دۆزەخ دەچن، وترا: ئەی پێغەمبەری خوا ئەمە بکوژەکە، ئەی کوژراو بۆ؟ فەرمووی: بێگومان ئەویش سوور بوو لەسەر کوشتنی هاوڕێیەکەی).

(أبو سلیمان الخطابي) دەڵێ ئەمە بەو شێوەیە دەبیت ئەگەر هەردوولا یەکتر نەکوژن بەهۆی لێدانەوە (تأویل)، بەڵکو لەسەر دوژمنایەتییەک شەڕ بکەن کە سەرچاوەکەی بگەڕێتەوە بۆ هۆزایەتی یان ناوچەگەریەتی، یان لەبەر دونیا، یان دەسەڵات و پلەوپایە، یا پارە و سامان، بەڵام ئەوەی شەڕی لە سنوور دەرچووەکان (أهل البغي) دەکات بە مەرجێک لەسەر ئەو سیفەتە بێت کە دەبێت کوشتاریان لەگەڵ بکرێت، یان بەرگری لە خۆی، یان نامووس و شەرەفی بکات، ئەمانە بە هیچ شێوەیەک ناچنە ئەو چوار چێوەیەوە، چونکە ئەمە شەڕ دەکات بۆ ئەوەی گیانی خۆی پارێزێت و هیچ مەبەستێکی تری نییە بۆ لەناوبردنی هاوڕێکەی، ئەوەی کە شەڕ لەگەڵ لە سنوور دەرچووەکان یا چەتە و دزەکان دەکات سوور نییە لەسەر کوشتنیان، بەڵکو دەیەوێت لە خۆی دووریان بخاتەوە، خۆ ئەگەر هێرشبەرەکە وازی هێنا، ئەمیش وازی لێ دەهێنێت و شوێنی ناکەوێت، بێگومان ئەم فەرموودە بۆ خاوەن ئەم سیفەتانە نەهاتووە، بەڵام ئەوەی لەم چوارچێوەیە دەرچوو ئەوە هەڕەشەی ئەو فەرمودەیە دەیگرێتەوە کە ئێستە لە خزمەتیداین، خوا زاناترە.

پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی: (لا ترجعوا بعدي کفارا یضرب بعضکم رقاب بعض) واتە: دوای من مەبن بە کافر، هەندێکتان بدەن لە گەردەنی ئەوی ترتان.

هەروەها فەرموویەتی: (لا یزال المؤمن فی فسحة من دینه ما لم یصب دما حراما). 

واتە: بەردەوام مرۆڤی باوەڕدار لەناو فراوانی ئاینەکەیدایە بە مەرجێک خوێنی کەسێکی بە حەرامی نەڕشتبێ.

هەروەها فەرمویەتی: (أول ما یقضی بین الناس یوم القیامة في الدماء).

واتە: یەکەم دادوەری لە نێوان بەندەکاندا کە دەکرێت لە رۆژی دواییدا دەربارەی خوێن ڕشتنە.

وە فەرموویەتی: (الکبائر: الإشراك بالله، وعقوق الوالدین، وقتل النفس، والیمین الغموس) واتە: تاوانە گەورەکان: هاوەڵ بۆ خوا بریاردان، دڵ ئێشانی دایک و باوک، کوشتنی کەسێک، سوێنی درۆ. لەبەر ئەوە ناونراوە بە (الغموس) چونکە خاوەنەکەی دەخاتە ئاگرەوە.

پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (لا تقتل نفس ظلما إلا کان علی بن آدم الأول کفل من دمها وذلك لأنه أول من سن القتل) واتە: هیچ کەسێک بە ناحەق ناکوژرێت ئیللا نەوەی یەکەمی ئادەم پشکێکی بەر دەکەوێت، چونکە ئەوە یەکەم کەس بوو ڕێبازی کوشتنی داهێنا.

هەروەها فەرموویەتی: (من قتل معاهدا لم یرح رائحة الجنة وإن ریحها توجد من مسیرة أربعین عاما). واتە: هەر کەسێک پەیمان بەستێک بکوژێت بۆنی بەهەشت ناکات، بێگومان بۆنی بەهەشت دووری چل ساڵ هەستی پێ دەکرێت.

ئەمە ئەگەر کەسێک پەیمان بەستێک بکوژێت، وەک ئەوەی کە پەیمانی داوە لە جولەکە و گاور لە وڵاتی ئیسلامدا، ئەی کوشتنی موسوڵمانێک دەبێ چۆن بێت.


سەرچاوەکان



1201 بینین