سزای تاوانی وازهێنان لە خزم لە ئیسلامدا

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-27-08:48:00 - کۆدی بابەت: 4913
سزای تاوانی وازهێنان لە خزم لە ئیسلامدا
حوکمە شەرعییەکان

تاوانی وازهێنان لە خزم

خوای گەورە دەفەرموێت: (وَاتَّقُوا اللَّهَ الَّذِي تَسَاءَلُونَ بِهِ وَالْأَرْحَامَ) واتە: لەو خوایە بترسن کە لە یەکتر داوادەکەن بە ناوهێنانی ئەوەوە، هەوڵ بدەن پەیوەندی خزمایەتیش بپارێزن و پتەوی بکەن چونکە بەڕاستی خوا هەمیشە و بەردەوام چاوەدێرە بەسەرتانەوە.

وە خوای گەورە دەفەرموێت: (فَهَلْ عَسَيْتُمْ إِنْ تَوَلَّيْتُمْ أَنْ تُفْسِدُوا فِي الْأَرْضِ وَتُقَطِّعُوا أَرْحَامَكُمْ (22) أُولَئِكَ الَّذِينَ لَعَنَهُمُ اللَّهُ فَأَصَمَّهُمْ وَأَعْمَى أَبْصَارَهُمْ (23)) واتە: ئایا ئێوە بە تەمان ئەگەر لە غەزا پشت هەڵ بکەن یاخود دەسەڵاتتان کەوتە دەست، تۆوی ئاژاوە و گەندەڵی و تاوان لە زەویدا بچێنن و هەرچی پەیوەندی خزمایەتیش هەیە بیپچڕێنن و لە ناوی بەرن؟! ئەو جۆرە کەسانە ئەوانەن کە خوا نەفرینی لێ کردوون و کەڕی کردوون و کوێرایی هێناوە بەسەر چاویاندا. هەروەها خوای گەورە دەفەرموێت: (ٱلَّذِينَ يُوفُونَ بِعَهۡدِ ٱللَّهِ وَلَا يَنقُضُونَ ٱلۡمِيثَٰقَ (20) وَٱلَّذِينَ يَصِلُونَ مَآ أَمَرَ ٱللَّهُ بِهِۦٓ أَن يُوصَلَ وَيَخۡشَوۡنَ رَبَّهُمۡ وَيَخَافُونَ سُوٓءَ ٱلۡحِسَابِ (21)) واتە: ئەو کەسانەن وەفا دەکەن و بە ئەمەکن لە بەرامبەری ئەو پەیمانەوە کە هەیانە لەگەڵ خوای پەروەردگاردا و ئەو پەیمانەش ناشکێنن و بەڵێن هەڵناوەشێننەوە، ئەوانەش کە هەرچی خوا فەرمانی بە هەیاندنی داوە دەیگەیەنن و بە دڵ لە پەروەردگاریان دەترسن و لە لێپرسینەوە و حیسابی توندی قیامەتیش سڵ دەکەنەوە.

پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (قال لا یدخل الجنة قاطع) واتە: ناچێتە بەهەشتەوە کەسێک پەیوەندی خزمایەتی بپچڕێنێت، هەروەها فەرموویەتی: (ومن کان یؤمن بالله والیوم الآخر فلیصل رحمه) واتە: هەرکەسێک بڕوای بە خوا و بە ڕۆژی دوایی هەیە با پەیوەندی خزمایەتی جێبەجێ بکات، وە فەرموویەتی: (لیس الواصل بالمکافئ والکن الواصل الذي إذا قطعت رحمه وصلها) واتە: خزم و دۆست ئەو کەسە نییە کە لە بەرامبەری سەردان و پەیوەندی خزمایەتی سەردان بکات، بەڵک و خزم و دۆست ئەو کەسەیە ئەگەر سەردانی نەکرا و پەیوەندی خزمایەتی لەگەڵ پچڕا ئەو بیکات و جێبەجێی بێنێ.

پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: خوای گەورە دەفەرموێت: (أنا الرحمن وهي الرحم فمن وصلها وصلته، ومن قطعها قطعته) واتە: من (الرحمن)ـم پەیوەندی خزمایەتیش ڕەحم و سۆزە، هەر کەسێک خزم دۆستی و سەردانی خزم بکات، ئەوە منیش سۆز و بەزەیی بەسەردا ئەڕژێنم، ئەوەش پەیوەندی خزمایەتی بپچڕێنێت منیش دەیپچڕێنم.

عەلی کوڕی حسین (ڕەزای خوایان لێبێت) بە کوڕەکەی وت: ئەی کوڕە بچکۆلەکەم: هاوڕێیەتی ئەو کەسە مەکە کە سەردانی خزم و کەس ناکات، چونکە من لە سێ شوێنی قورئاندا بینیومە نەفرینی لێکراوە.


سەرچاوەکان



367 بینین